ڕەشە مرواری داستانێکی تەمەن ٨٠ ساڵ

سەما لەگەڵ پێلادا

هەژارانی بەرازیل تەنها تۆپ و سامبایان هەبوو پێوەی بنازن ، بەخیان بە تۆپی پێوە دەکرد ٠

یاریگاکان لە بەرازیل دەبوونە هۆڵی سامبا و تۆپیش بە شۆخە کێژۆڵەیەکی نازدار ، ئیدی منداڵە هەژارەکانی ڤاڤێلاس عاشقانە بەنەرم و نیانی و نەزاکەتەوە لەگەڵ تۆپە پەڕۆینەکەی پێیان دەکەوتنە سەما

منداڵان ئەم تۆپە پەڕۆینەیان ناو ناوە پێلادا

گەر تۆپی پێ نەبایە کەس بەرازیلی وەک ئێستا نەدەناسی ، تۆپی پێ بەرازیلی لە تولەڕێی مێژوو دەرهێنا و بە جیهانی گەیاند

جینگە

کاتێک پرتۆگالیەکان بەرازیل داگیردەکەن ژمارەیەکی زۆر کۆیلەی ئەفەریقی لەگەڵ خۆیان دەبەن بۆ بەرازیل

هەندێک لەم کۆیلە ئەفەریقیانە یاخی دەبن و ڕوودەکەنە دارستانەکانی ئەمازۆن ، ئێدی دوور لە چاوی پرتۆگالیەکان بۆ پاراستن و بەرگریکردن لەخۆیان هونەری زۆرانبازی ناسراو بە جینگە دادەهێنن ، کە زیاتر لە سەمایەکی رۆح سووکی زۆر زانانە دەچێت

یاریکردنی بەرازیل ئاوێتەیەکی سامبا و جینگەیە ، سامبا دەیکاتە هونەر و جینگەش گەرەنتی هێرشی بەردەوامی بۆ دابین دەکات

لە بەرازیل تۆپی پێ شەتەکدراوی چەندین سەدەی تێکۆشان و خەباتە ، هێمای شانازی و ئازادی و گڕی تۆڵەیە ، بەکورتی لووت بەرزی میلەتێک لەم یارییەدا گینگڵی خواردووە

دوای جەنگ

یەکەم مۆندیالی دوای جەنگ

جەنگی دووهەمی جیهان پەل و پۆی کاولکردنی بە تەواوەتی نەگەشتبووە بەرازیل ، بۆیە فیفا بڕياریدا یەکەم مۆندیالی تۆپی پێی دوای جەنگ لە بەرازیل ئەنجام بدرێت ٠

ڕۆژی ٧/١٦ ساڵی ١٩٥٠ بەرازیل و ئۆرۆگوای یاری دەکەن ، بەرازیل دوو یاری پێشووی بردۆتەوە و ١٣ گۆڵی کردووە ، بۆ ئەوەی خولەکە ببڕت تەنها پێویستی بە یەکسان بوونە

یاریەکە لە کۆتای دایە ، بەرازیل و ئۆرۆگوای یەک بە یەکن ، پێش فیکەی کۆتایی لەناکاو ئۆرۆگوای گۆڵێک دەکات و بەرازیل لە جامی جیهان دەردەکرێت

جول ڕێمێ و بەسەرهاتی یاریگەی ماراکانازۆ

جول سەرۆکی فیفا و دامەزرێنەری جامی جیهان ، بەم شێوەیە باسی ئەو ڕۆژە دەکات دەڵێت

هەموو بۆچونێک لایەق و پەسەند بوو ، ئەوە نەبێت کە بەرازیل بی دۆڕێنێت ، تەنانەت منیش ووتەکەم بە پرتوگالی ئامادەکردبوو بۆ بەرازیلیەکان ٠

چەند خولەکێک پێش ئەوەی یاریەکە تەواو بێت بەرەو ڕاڕەوەکەی ژێر یاریگەکە کەوتمە ڕێ ، هیندەی پێ نەچوو هات و هاواری هاندەران وەک سویچێکی کارەبا کوت و پڕ لە ناکاو کوژایەوە ٠

کپ و خامۆشیەکی ترسناک و دەنگیەکی قوڵ سەرتاپای یاریگای ماراکانازۆی گرتەوە ، ئیستاش کە بەبیرم دێتەو تەزوویەکی گەرم بەلەشمدا تێ دەپەڕێت

هیچم بۆ نەمایەوە ، تاسام ، یاری تەواو بوو بە پەلەپروزکە تەوقەیەکم لەگەڵ کاپتنی ئۆرۆگوای کرد بەبێ ئەوەی یەک ووشەی پیرۆزبایی لەدەمم بێتەدەرەوە یاریگاکەم چۆڵکرد

هێرۆشیمای میللەتێک

دروێنەی مەرگی دۆڕان

لەگەڵ فیکەی کۆتایدا لەسەر سەکۆکانی یاریگاکە ١٠ بەرازیلی دڵیان لەلێدان کەوت و مردن

دووی دیکەش هەر لەوێ دەم دەس کۆتایان بە ژیانی خۆیان هێنا

بۆ٣ ڕۆژ ماتەمینی سەرتاسەری لە بەرازیل ڕاگەیەندرا

ڕۆژنامەیەکی بەرازیلی بەناوبانگی ئەو کاتە دەنوسێت

دۆڕانی ماراکانا هێرۆشیمای بەرازیلە

دوو منداڵ

دوو چارەنووس

لەو ڕۆژەدا دوو منداڵی چاو تەڕ ، دوور لەیەکتر بەدەم گریانەوە لە دوو شوێنی جیاوازی بەرازیل سوێندی تۆڵەسەندنەوە بۆ بەرازیل دەخۆن ٠

ئەو شەوە هەزاران منداڵ بەگریان و هەنسکەوە خەویان لێکەوت ، زۆرێش لەوان بە پێڵوی قورسی تەڕی پڕ وەنەوزەوە تۆڵە نامەیان کردە نووشتەی دڵ و پەیمانی سڕینەوەی ئەم شەرمەزاریەیاندا

بەڵام تەنها چارەنووسی گڕی تۆڵەی دوو منداڵ لەیک ئاڵۆسکان و ئاگری بەردایە مەشخەڵی داستانێک کە ٨٠ ساڵە بەردەوامە

منداڵی یەکەم گەڕینچە

پاسەوانی کارگەیەکی جل و بەرگ لە پاوگراد لە ساڵی ١٩٣٣ کوڕێکی دەبێت ، ڕۆژی لەدایک بوونی دیار نیە و باس لەوەش دەکرێت بە هەڵە ناونرابێت

مانوێل فرانسیسکۆ دۆس سانتۆس

منداڵی بە هەژاری و پێ پەتێتی بەسەر دەبات ، لە چۆم و ڕووباراندا خۆێ دەشوات و هەردەم لە ڕاوە چۆلەکە بووە ، تا دەگاتە ئەوەی خوشکەکەی نازناوی چۆلەکەیەکی دەداتێ

گەرینچە

کە ئەمڕۆ پێی ناسراوە

دکتۆرەکان

لە پشکنینێکی لیژنەیەکی پزیشکیدا دکتۆرەکان دەڵێن حەوزی گەرینچە خوارە و بڕبڕی پشتی لەبەر کەمی خواردن و هەژاری بە ناڕێکی درووست بووە

ئەمە دەبێتە هۆی ئەوە نزیکەی ٦ سانتیم جیاوازی لە نێوان هەردوو قاچیدا درووست بێت و بە کەم ئەندام هەژمارکرێت و بەکەڵکی هیچ جۆرە وەرزشێک نەیەت

منداڵی دووەم پێلێ

لە ساڵی ١٩٤٠ لە شارۆچکەی ترێس کۆراکۆیس

ئەدیسۆن ئارنتێس دۆ ناسیمێنتۆ

چاو بەدونیادا هەڵدێنێ ، هەرچەندە باوکی بە ناوی تۆماس ئەدیسۆنەوە ناوی دەنێ بەڵام هەر زوو منداڵێکی هاوڕی ناوکەی گۆڕی و هیوای بوون بە ئەدیسۆنی لەبنا بڕی و کردیە پیلێ

دۆندینۆ باوکی پیلێ کۆنە یارچیەک بوو کە لەسەرەتای بەناوبانگیدا بەهۆی ئەژنۆ شکانەوە وازی لە تۆپی پێ هێانا بوو

دۆندینۆ کاریگەریەکی زۆری هەبوو لەسەر پیلێ ، گڕی عەشقی تۆپی پێ هەمیشە لە دڵی پێلێ دا بە داگیرساوای هێشتەوە

ناو بەناو بەیەکەوە وەک ڕاهێنان گەمەیان بە میوەی مانگۆ دەکرد لەبری تۆپ ، پیلێ لە تیشسکی چاوی باوکی داهاتووی خۆی دەبینی

دۆندینۆ نەیدەهێشت پیلێ تۆڵەنامەکەی ساڵی ١٩٥٠ لە یادکات

بەڵام چێلێستێ دایکی پیلێ لەسەرەتادا ئارەزووی نەدەکرد پیلێ ئەوەندە بە تۆپی پێوە خۆی خەریک کات ٠

دکتۆرەکان

دکتۆرەکان و گەڕینچە

گەرینچەی شەل و گێڕ بەشداری سێ جامی جیهانی دەکات لە ساڵی ١٩٥٨ و ١٩٦٢ و ١٩٦٦ ، لەگەڵ هاوڕێکەیدا پیلێ سوێندەکەیان جێ بەجێ دەکەن و دوو جامی جیهان بەیەکەوە دەبەنەوە

گەڕینچە بە هەشتەم یاریزانی سەدەی بیستی جیهان دادەنرێت

دوای پیلێ بە دووهەم باشترین یاریچی بەرازیل لەقەڵەم دەدرێت

پاشای تۆپی پێ

مرواریە ڕەشەکەی دۆندینۆ ١٢٨١ گۆڵ تۆمار دەکات و بەشداری ١٣٦٣ یاری فەرمی دەکات

لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا یەکەم بەشداری نێودەوڵەتی تۆماردەکات

لەگەڵ چولەکە پاساریەکی هاوڕێی ، گەڕینچە دوو جامی جیهان دەباتەوە و بەتەنهاش لە ساڵی ١٩٧٠ دا بۆ جاری سێهەم بەرازیل دەخاتە سەر عەرشی تۆپی پێ

ساڵی ١٩٩٩ پیلێ وەک باشترین یاریچی سەدە بیست دیاری دەکرێت

پیلێ ژیانی دوای یاری تەرخانکرد بۆ کاری مرۆیی بووە باڵێۆزی نەتەوەیەکگرتووەکان و دوایش وەک باڵێۆزی ڕێکخراوی یونسێف کاری کردووە

ئازادی پیاوی مەرد

کاتێک پیلێ و گەڕینچە شکۆی بەرازیلی داخزاوی یاریگەی مارکازۆنایان ڕاستکردەوە و جامی جیهانی ساڵی ١٩٥٨ یان بردەوە

سەرۆک کۆمار بۆ ڕێزلێنان و خەڵاتکردن سەرجەم یاریچیەکانی بانگێشەی کۆشکی کۆماری کرد

سەرەک کۆمار پاش پیرۆزبایی لێکردن دەیەوێت خەڵاتی یاریزانەکان بکات ، ئیدی لێان دەپرسێت ئارەزووی چی دەکەن

زۆرینەی یاریزانەکان داوای پارە و ئۆتۆمبیل و خانووبەرەیان کرد

بەڵام کە دەگاتە سەرەی گەڕینچە سەرۆک کۆمار پێ دەڵێت خواستت لە چیە پێت ببەخشم ؟ پاڵەوان

گەڕینچە بە تیلێکی چاو تەماشا دەکات لەسوچێکی کۆشکەی سەرۆکدا بولبلێکی بێ داد لە قەفەسێکدا قونە قونیەتی !٠

بێ یەک و دوو دەڵێت هیچم ناوێت تەنها داواکارم لە جەنابتان ئەو بولبلەم بۆ ئازادکەن

بەرازیلیەکان وەک پاڵەوان سەیری گەڕینچە دەکەن ، بەڵام پیلێ بە هونەرمەند دەزانن

بەرازیلیەکان کڕنووش بۆ پاشای تۆپپ،پیلێ دەبەن٠

بەڵام کە ناوی گەڕینچە دێت تەپلەکەی سەریان دادەگرن و بە نەرمی پێڵوی چاوەکانیان جووت دەکەن ، وەک هێمای ڕێز و نزایەک بۆ پیاو و پاڵەوانێکی مەرد

هەنگی منداڵیمان شیرینی بیرەوەریەکانمان دەمژێت

داستانی مرواری ڕەش و مەردی و ئازایی گەڕینچە لە مێژوودا هەردەم بە درەوشاوەی دەمێنێتەوە

پێشکەش بەوانەی یاریان لە هونەر و ئازایی و مەردایەتیەوە گۆڕی بۆ قازانج و بازرگانی دوور لە جوانی٠

سەرخێڵ عبداللە محمد امین

CREATO DA
dizay mamawandy

Ringraziamenti:

سەرخێڵ عبداللە