ساڵ ١٩٢٦ تۆماردەکات ، ڕۆژیش ٢٠ یی شوبات، لەماڵێکی بنمیچ نزمی سادەو ساکاری لینینگرادا خێزانی کرێکارێکی هەژاری دووگیانە ژان دەیگرێ. لەم ڕۆژەدا نۆبەرەی خێزانی پۆرتۆنۆڤا کیژۆڵە ”زینایدا” چاوی بە ژیاندا هەڵهێنا٠
باوک و دایکی زینایدا پۆرتنۆڤا خەڵی بێلاڕووس بوون، دوای زینایدا کچ و کوڕێکی تریان بانگێشەی ژیان کرد ٠
هاوینی ساڵی ١٩٤١ گوندی زۆی سەربەشاری ئۆبۆڵی بێلا ڕووسی گەرم و گوڕکردبویەوە ، داپیرەی زینایدا لەم گوندە دەژیا٠
نازیەکانی ئەڵمانیا ئۆپەراسێۆنی بارباڕۆسەیان دەست پێکردبوو ، لەشکرکێشی و داگیرکردنی یەکێتی سۆڤیەت زۆر بەخێرای دەچووە پێشەوە٠
لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٤١ دا لە چەند ڕۆژێکی کەمدا نازیەکان ٢٠٠ میل چوونە ناو خاکی سۆڤیەتەوە و نزیکەی دووملێۆن و نیو سەربازی ڕووس بوونە قوربانی٠
لەبەر مەترسی جەنگ باوک و دایکی زینایدا منداڵەکانیان نارد بۆ لای داپیرەیان
دەستدرێژی بۆ سەر داپیرە
زینایدا لە گوندی زۆی لای داپیرەی بۆ جاری یەکەم ڕووبەڕووی دڕەندەی و بێ بەزەیی نازیەکان بویەوە، ئەکاتە تەنها کیژۆڵەیەکی تەمەن ١٥ ساڵ بوو، سەربازەکان تەشقەرەیان بە داپیرەی کرد و دەستیان بەسەر ئاژەڵەکانیدا گرت، تەنانەت کەوتنە وێزەی نەنکی و هەموو ئازای بەیەنیان تێک شکاند٠
ئیدی ئەو ڕۆژە دوژمنایەتی زینایدا بلوری گرت و کرستاڵی کینەی بۆ نازیەکان بریقەدارتربوو ، ئارەزووی تۆڵەکردنەوە لەناخی زینایدا کڵپەی سەندوو خەریکبوو هەناوی دەسووتاند٠
بزوتنەوی تۆڵەسەندنەوە
ڕۆژگار تاسەر ڕێگای لێ بزنابێت ، زۆری نەخایاند بزووتنەوەیەکی نهێنی دژ بە نازییەکان لە بێلاڕووس لە دایکبوو ، ساڵێک دوایی لەشکرکێشی نازییەکان بۆ سەر ئۆبۆڵ٠
زینایدا پەیوەندی بە باڵی گەنجانی بزووتنکەوە کرد
کۆمەڵەکە ناوی کۆمەڵەی گەنجە کۆمۆنیستە لینینیستەکان بوو، بەڵام هەر گەنجانی تۆڵەسەندنەوە بانگدەکران ٠
زینایدا ئەوکاتەی پەیوەندی کرد بەگەنجانی تۆڵەسەندنەوە تەنها تەمەنی نزیکەی ١٧ ساڵ بوو، چابوکی و زیرەکی و توانای زینایدا بە خێرایی دەرکەوت و بوو بە سەرمایەیەکی بەنرخ بۆ پرۆژەی بەرخۆدانی گەنجانی تۆڵەسەندنەوە.
زینایدا ئەرکی شارەوەی زۆری ئەنجام دەدا ، چەکی لە نازیەکان دەدزی و سیخوڕی بۆ سۆڤیەت دەکرد، بەڵام ئەمانە هەمووی سەرەتایەک بوو ! ٠
کاتێک بە باشی فێری بەکارهێنانی چەک بوو بەشداری ئۆپەراسێۆنە ترسناکەکانی دەکرد٠
زینایدا لەگەڵ هاوڕێکانی هێرشی دەکردە سەر وێستگەکانی کارەبا و بەنزین خانەو کارگەکان٠
ژەهراوی کردنی دوژمن
شێ و گەرمای ئابی ساڵی ١٩٤٣ مرۆڤی دەخنکاند، زینایدا یەکێک لە ئەفسانەیترین ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنجام دەدا ٠
زینایدا بڕیاریدا خۆی وەک یاریدەدەری شیولێنەر لە قەڵم بدا و دزە بکاتە ناو گارنیۆنێەکی ئەڵمانی و لە چێشتخانەکەیدا کاربکات٠
زینایدای قنج و قیت و چابووک و زیندی بە هاسانی گەشتە مەرامی خۆی و بووە یاریدەدەری شیولێنەر
سەبر و چاوەڕوانی کرۆکی زینایدا داخۆری بۆیە لەگەڵ یەکەم هەل و فرسەتدا ڕۆژێک لەکاتی ئامادەکردنی خواردن بۆ سەربازەکان ژەهرێکی زۆری کردە خواردنەکەیانەوە هەموو سەربازەکانی ژەهراوی کرد٠
ژمارەیەکی زۆر لەو سەربازانەی کە فەلاقەی نەنکیان کرد مردن، بەشێکی زۆریشیان نەخۆش کەوتن ، پتر لە ١٠٠ سەربازی نازی ژەهراوی بوون بەدەستی پۆرتنۆڤا ٠
زینایدا دوای ڕووداوەکەش بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام بوو لە کارکردن لە چێشتخانەکە! چونکە بۆخۆشی لە خواردنەکی خواردبوو و خۆشی ژەهراوی کردبوو ! بۆ ئەوەی نەبێتە جێی گومانی نازیەکان ، ژەهراوی بوونی خۆی بەڵگەی بێ تاوانی ئەو بوو ٠
زینایدا زیرەکانە بەبڕێکی زۆر لە زەیتی زەیتوونی داپیرەی چارەسەری خۆی کرد و ڕێگای لە ژەهرەکەی ناو جەستەی گرت بیکوژێ ، بەڵام ئەمە زۆر نەخایەند لای ئەڵمانەکان ئاشکرابوو ، ئیدی ناچاربوو هەڵبێ و پەیوەندی بە مەفرەزێکی حزبییەوە بکات کە ناوی کلیمنت ڤۆرۆشیلۆڤ بوو٠
چەند مانگێک دواتر ئەم نامەیەی بۆ دایک و باوکی نووسی : دایکە ئێستا من لە مەفرەزەیەکی حزبیدام ، لەگەڵ ئەواندام کە داگیرکەرە نازیەکان دەشکێنین
لە ساڵی ١٩٤٤ زینایدا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسێۆنێکی دیکە بە ئەرکێکی سیخوڕی ڕەوانەکرایە ناو کەمپی نازییەکان، بەڵام بەداخەوە دەستگیرکرا
قارەمانی و نەبەردی زینایدا بەدەسگیرکردنی تەواو نەبوو ،لە هەوڵێکی بێ هودە بۆ هەڵهاتن، پۆرتنۆڤا لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرد دەمانچەیەکی سەر مێزی ژوورەکەی فڕاند و تەقەی لە لێکۆڵەرەکەی و دوو پاسەوانی نازی دیکە کرد و لە کەمپەکە هەڵهات٠
هەرچەندە زینایدا بە خێرایی خۆی گەیاندە ناو دارستانەکانی نزیک کەمپەکە ، بەڵام بەداخەوە نازییەکان نزیک ڕووبارێکی ناو دارستانەکە زینایدایان دۆزیەوە و بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجەیەکی زۆریان دا٠
دواتر هەر لە دارستانەکەدا لە کۆتایی تەمەنی ١٧ ساڵیدا گولەبارانیان کرد و نەیانهێشت بەهاری ١٨ ساڵی ببینێ ٠
زینایدا بووە نمونە بۆ ژمارەیەکی زۆر لە کیژۆڵە قارەمانەکانی ئەو سەردەمە ، شەهیدکردنی ئەم کیژۆڵەیە هەزاران بوێری وەک ماریا ئۆکتیابرسکایا، ڕۆزا شانینا و لێپا ڕادیچی بە دوای خۆیدا ڕاپێچی پرۆسەی بەرخودان کرد ٠
لە ١ی تەمموزی ١٩٥٨دا پۆرتنۆڤا نازناوی "پاڵەوانی یەکێتی سۆڤیەتی"ی پێبەخشرا، ئەمەش کردیە گەنجترین ژن کە تا ئێستا بەرزترین خەڵاتی شەرەفی یەکێتی سۆڤیەتی پێبەخشرابێت، دواتریش خەڵاتی ڕێزلێنانی لینینیشی پێ بەخشرا٠
ئەستێرەی ناوی ئەم هەرزەکارە تا ئێستاش لە ئاسمانی بەرخودان و ئازایەتیدا دەدرەوشێتەوە . تابلۆ و پەیکەرەکانی گۆڕەپان و مۆزەخانە و سوچ و قوژبنەکانی یەکێتی سۆڤیەتی کۆن پڕ دەکاتەوە، چەندین شەقام و گۆڕەپان بەسەربرزیەوە ناوی زینایدا پۆرتنۆڤایان هەڵگرتووە٠
منیش بەم گوتارە بچوکە بە کوردی ڕێزی لێدەگرم و یادی دەکەمەوە
نەمری بۆ زینایدا پۆرتنۆڤا و هاوڕێکانی کە لە ئاسمانی تاریکی زوڵم و زۆرداریدا دەدرەوشێنەوە
گۆڤاری کوردی
Ringraziamenti:
Sarkhel.A.M