مەشخەڵی ژمارە یەک
یان پاڵا
ڕۆژی ١٦ مانگی یەکی ساڵی ١٩٦٩ یان پاڵا قوتابیە شەرمنەکەی بەشی فەلسەفە لە گۆڕەپانی سان ڤەنجیزڵاو دژی داگیرکردنی سۆڤیەت و لە پێناو ئازادی چیکۆسلۆفاکیا، ئاگری لەخۆی بەرداو و بووە قوربانی ! ئەو کاتە تەنها تەمەنی ١٩ ساڵ بوو ٠
شۆفێری ترامێک لە نزیکەوە ئاگاداری ڕووداوەکە بوو، ئەو ئاوا دەیگێڕێتەوە٠
لاوێکی زۆر گەنج و باریک، گورج و گۆڵ بەخێرایی بەرەو ناوەڕاستی گۆڕەپانەکە دەڕۆیشت، من چاوم لەسەری بوو، لەناکاو وەستا! پاش ئێستێک بوتڵێکی دەرهێنا و شلەکەی ناوی بەخۆیدا کرد، لە چاو تروکانێکدا زۆر جەربەزانە و بێ باکانە بە دەنکە شقارتەیەک ئاگری لەخۆی بەردا. ئێدی لەگەڵ بەرزبوونەوەی کڵپەی ئاگردا هاواری گەیشتە ئاسمان٠
شۆفێری ترامەکە دەگێڕێتەوە و دەڵێت : سەرەتا ڕووداوەکە تاسانمی، لە پەشۆکاویدا نەمزانی چی بکەم! هەر ئەوەندەم پێکرا بەپەلە ساقۆکەی بەری خۆمم داکەند و لە وجوانە گەنجمەوە ئاڵان، بە هیوای ئەوەی ئاگرەکە بکوژێنمەو٠
بەڵام گەنجەکە هاواری لێکردم و گووتی: نامەکەم ڕزگاربکە و مەهێڵە بسووتێ … یەکەم جار تێنەگەیشتم چی دەڵێت ! دیسانەوە قیژانی و گووتی: نوسراوەکەم ڕزگارکە. ئیتر منیش بێ سێ و دوو پڕم دایە نامەکە و لە سووتان ڕزگارمکرد٠
چی بڵێم ؟! پاش چەند ڕۆژێک بۆم دەرکەوت جوانترین نامەی قوربانیدان و خۆبەخشکردنم بۆ نیشتیمان لە سووتان ڕزگارکردووە٠
بەڵی پاڵا خۆی کردە قوربانی بۆ ئەوەی ویژدانی گەلەکەم بجوڵێنێ ، بۆ ئەوەی بەربەست بێت لەبەردەم بێ هیوا بوونمان لە گەشتن بە سەربەستی و ئازادی ، بۆ ئەوەی پێمان بڵی خۆتان نەدەن بەدەستەوە و چونکە ئیرادەی گەل لە زوڵمی داگیرکەران زۆر گەورەترە ٠
نامەکەی یان پاڵا
پاڵا لە نامەکەیدا نووسیبویی : لەبەرئەوەی گەلەکەم نزیکە لە بێ هیوابوون و خۆ بەدەستەوەدانی تەواو! ئێمەی خوێندکار و لاو بڕیارماندا ناڕەزایی خۆمان دەربڕین و ویژدانی میللەتەکەمان بورووژێنین. ئێمە لە کۆمەڵێک خۆبەخش پێک هاتووین کە ئامادەین یەک لە دووی یەک گڕبەردەینە خۆمان لە پێناو ووڵاتەکەمان، من و هاوڕێکانم تیروپشکمان بۆ دەستپێکردنی ئەم کارە ئەنجامداوە! من ژمارە یەکم لە تورەکەکەدا ڕاکێشا! بۆیە شەرەفی ئەوەم پێدرا مەشخەڵی ژمارە یەک بم٠ ئێمە داوای ئازادی ڕادەڕبرین و سەربەستی و ماف دەکەین بۆ چیکۆسلۆفاکیا و گەلەکەی. ئەگەر داواکاریەکانمان تا پێنج ڕۆژ دیکە جێبەجێ نەکرێت! ئەگەر گەلی چیکۆسلۆفاکی ویژدانیان نەجوڵێت و پشتگیریمان نەکەن بە مانگرتنێکی سەرتاسەری و گشتی. هەر ڕۆژە و یەکێک لە ئێمەی قوتابی گڕبەردەدەینە خۆمان! بۆیە دوای من کە مەشخەڵی ژمارە یەکەم، مە شخەڵی ژمارە ٢ و ٣ و ٤ و ٥ و ٦ و ٧خۆیان هەڵدەگیسێنن ٠
یان پاڵا سووتا
بەڵێ قوربانیەکەی پاڵا بە تاقانەیی نەمایەوە ! حەفت خوێندکاری دی ، یەک لە دوای یەک ئاگریان بەردایە خۆیان و بوونە حەفت مەشخەڵ بۆ ئازادی و ڕزگاری چیکۆسلۆفاکیا٠
یان پاڵای پیاو و مەرد، بە نەبەردی خۆی کردە قوربانی نیشتیمان ! پتر لە ٦٠٠ هەزار کەس بەشداری پرسەکەی پاڵایان کرد. هەموو چیکۆسلۆفاکیا بۆی دەگریا! بەڵام بە شانازیەوە ! نیشتیمان و گشت ڕۆڵەکانی ئامادەی پرسەی یان پاڵا بوون! جا کێ دەیتوانی ئامادە نەبێت ؟ لە گۆڕەپانی سانڤێنجزڵاو گەنجێکی مەرد بێ باکانە ژیانی پێشکەش بە نیشتیمان کردبوو! ڕۆح لەبەرێک نەبوو قەرزاری پاڵا نەبێت! دڵێک نەبوو لەو گۆڕەپانەدا پەنجەی غیرەت و ئازایی پاڵای جوانەمەرگی پێ نەکەوتبێت٠
گڕی مەشخەڵی جەستەی یان و هاوڕێکانی بیست ساڵ بە نەکوژاوەیی لە دڵی چیکۆسلۆفکیەکاندا مایەوە تا ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٩٠، چیکۆسلۆفاکیەکان بە دەنگێکی زوڵال لە هەمان گۆڕەپانی سان ڤەنچیزڵاودا لەو شوێنەی کە یان پاڵا خۆی تیادا کردە قوربانی! بە دورشمی ( بۆ یان بۆ پاڵا ) نیشتیمانەکەیان ڕزگارکرد و ڕووسی داگیرکەریان ڕاونا ٠
یان خۆی کردە مەشخەڵی ژمارە یەک بێ بەرامبەر و داوای هیچیشی لە میللەتەکەی نەکرد٠
ئەم چەند دێرەم پێشکەش بە ڕۆحی یان پاڵا! پێشکەش بە هەموو ئەوانەی پریشکی گڕی مەشخەڵی ئازایی و نەبەردی ژان و هاوڕێکانی بەر دڵیان کەوتووە٠
جریوەی ئەستێرەکان بەردەوام دەبێت لە سەر گۆڤاری کوردی
نەمری بۆ یان بۆ پاڵاک بۆ هاوڕێکانی
هەموومان قەرزارتارین
سەرخێڵ عبدللە محمد
@G.KURDI
Ringraziamenti:
Sarkhel.A.M