بەهاری پیکین
کات: مانگی نیسانی ساڵی ١٩٨٩ یە. شوێن: پکینی پایتەختی چینە. ڕووداو: سکرتێری گشتی پارتی کۆمەنیستی چینی چەند ڕۆژێکە کۆچی دوایی کردووە٠
ئێدی پۆل پۆل لە گۆڕەپانی تێنانمین خڕدەبوونەوە و ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕی ٠
دەسەڵاتدارانی ئەوکاتەی چین لە چاو ئەمانەی ئیستادا زاڵمێکی بێ وێنە و بێ بەزەیی بوون، ئەوکاتە بەری ئازادی و سەربەستی زۆر تەسک و ترووسک بوو، بارودۆخی ئابووریش خراپ بوو! نەداری و دواکەوتوویی زۆرینەی خەڵکی چینی شەلکوتی مەرگ کردبوو، بۆیە ناڕەزایەکان بەردەوام پەرەیان دەسەند و فراوان دەبوون، زۆری پێنەچوو حکومەتی پیکین لە ٣و ٤ مانگی حوزەیراندا بە تانک و زریپۆش پەلاماری لاوانی گۆڕەپانی تێنانمینی داو ژمارەیەکی زۆری لێ شەهیدکردن ٠
ژمارەی قوربانیەکانی ئەو ڕۆژە هێشتا نەزانراوە ، بەڵام باس لە سەدان و بگرە هەندێک سەرچاوە باس لە هەزاران قوربانی دەکات! لەگەڵ ئەوەشدا وەک هەموو چیرۆکێکی زۆرانبازی نێوان حەق و ناحەق دواین وێنەی بەهاری پیکین بە کوشتن و بڕینی گەنجانی گۆرەپانی تێنامین کۆتایی نەهات !٠
چونکە هەر بۆ ڕۆژی دوایی، واتە پێنجی حوزەیران نەبەردی ئازایی و بەجەرگی پاڵەوانێک کۆتایی بە چیرکۆی گۆراپانی تێنانمین هێنا و بۆ خۆشی بووە پاڵەوانی وونی گۆرەپانەکە٠٠
گەنجەکەی گۆڕەپانی تێنامین
٥ حوزەیرانی ساڵی ١٩٨٩
شۆستە و داروبەردی گۆڕەپانی تێنانمین هێشتا بۆنی خوێنی گەنج و لاوی پیکینی لێدەهات ، دووکەڵ و بۆکڕوزی پاس و ئۆتۆمبیلی سووتاوی ناو گۆڕەپانەکە لووت و دەماغی پڕدەکرد٠
تەنها ڕۆژێک دوای کوشتن و بڕینەکە بوو، قەتماغەی زام و برینی ڕۆژی پێشوو هێشتا نەمەیبوو، ستیوارت فراکلین لەبەردەم هۆتێلەکەی خۆیەوە سەرقاڵی وێنەگرتنی گۆڕەپانەکەبوو ، چادر و پاسکیلی خوێندکاران و خوێنی ڕژاوی گەنجەکان بوو بوونە کەرەستەو خامی دانسقە بۆ ستیوارت کە وێنەی بۆ ماگنۆم دەگرت ٠
ستیوارت زۆر بە پەرۆشەوە سەرقالی وێنە گرتنی گۆڕەپانەکە بوو، نەیدەزانی کە کەمێکی دیکە کامیراکەی کاریگەرترین وێنەی سەدی بیست ئەچرکێنێ!٠
لەو کاتەدا بێدەنگیەکی بێ وێنە باڵی کێشابوو بەسەر گۆڕەپانەکەدا ، دەنگ و رەنگی ژیان بە گۆڕەپانەکەوە نەدەبیستراو نە دەبینرا! ٠
لەناکاو لە سەرەتای شەقامی چانگانەوە کۆمەڵێک تانکی جۆری ٥٩ یەک لەدووی یەک بەرەو گۆڕەپانی تێنامین هاتن ! دیاربوو دەیانویست بەزەبری پۆڵاین کۆتایی بە پاشماوەی هەموو جۆرە ناڕەزایەک بهێنن٠
بەڵام لە ناکاو گەنجێک بە تەنها بە کراسێکی سپی سادەوە چووە بەردەم یەکەم تانکی قافڵەکە و وەک مێخ لە عەرز چەقی و وەستا!٠
تانکەکان سیمبوڵی زەبروزەنگی بێ بەزەیی دەسەڵات بوون، سیخناخبوون لە گوولە و تەقەمەنی، بەڵام گەنجە کراس سپیەکە تەنها دوو کیسی بەدەستەوە بوو، بێ چەک بوو! ئەو تەنها جەستە و ژیانی خۆی وەک گەورەترین چەک دژی ئەوتانکانە بەکارهێنا، بێ باکانە و قیرسچمانە سنگی نا بە لوولەی تانکەکانەوە و هەموویانی وەستان ٠
لەم ساتەدا ستیوارت لە دووری چەند مەترێکەوە لەبەردەم هۆتێل پیکینەوە سەرقاڵی گرتنی وێنەی دانسقەترین ئازایی بوو٠
کەس ناوی ئەم گەنجەی نەدەزانی بەڵام بۆ ڕۆژی دوایی بووە ئایکۆنی گۆڕەپانی تێنانمین و لە هەموو جیهاندا وێنەکەی بڵاو بوویەوە ٠
پێتان سەیر نەبێت ئەمڕۆش کەس نازانێ ئەم کراس سپی عەلاگە بەدەستە کێیە؟ بەڵام بێ مشتومڕ نەناسراوترین بەناوبانگی جیهانە! بەڵێ ئەو ئەمڕۆ هێمای بەهارێکە کە پیکینی خوێناوی کرد لە ساڵی ١٩٨٩ دا. بەڵێ ئەو پاڵەوانی پتر لە ملیاردێک هاونیشتیمانی وولاتەکی خۆیەتی. ئینجا ئەو ئایکۆنی نەبەردی و جەسووری هەموو گەلانی جیهانە٠
ئەستێرەی گەشاوەی نەبەردی و ئازایەتی گەنجی ئاوهالە ئاسمانی شەوەزەنگی مرۆڤایەتیمان ڕووناک دەکاتەوە ٠
پێشکەش بە شەهیدانی گۆڕەپانێک کە پاڵەوانێکی وونی دروستکرد٠
پێشکەش بە و گەنجە ئازا و مەردەی کە هەموومان دەیناسین و ناشزانین کێیە٠
بەڵام پێشکەش بەو سەربازەی لە ناو تانکەکەدا فەرمانی کوشتنی گەنجەکەی جێبەجێ نەکرد و لە گەورەکانی خۆی یاخی بوو٠
Ringraziamenti:
Sarkhel.A.M